قایمقامی ئاکرێ: ئەم مانگە زەوی دابەش دەکرێت

‌ئەرشیف، ئاکرێ

قایمقامی ئاکرێ، دلاوەر بۆزۆ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە دابەشکردنی هەزار و ٣٣ پارچە زەوی ئاشکرا کرد و دەڵیت "لە ٢١ ئەم مانگەدا دابەش دەکرێت".

دوو شەممە، ١١ ئایار ٢٠٢٦، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ رایگەیاند " لە قۆناغی یەکەمدا هەزار و ٥٩ پارچە زەویمان دابەش کرد، هاوکات هەزار و ٣٣ پارچەی زەویی دیکە رەزامەندییان بۆ دەرچووە و لە ٢١ ئایاری ٢٠٢٦ دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت".

"هەزار و ٤٥٠  پارچە زەویی دیکە ئامادەن، ئەمە بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە کە ناویان هاتووەتەوە. ٦ هەزار و ٤٢٧  پارچەی دیکە رەزامەندییان بۆ دەرچووە" قایمقامی ئاکرێ وا دەڵێت.

قایمقامی ئاکرێ وتیشی "لە سنووری پارێزگای دهۆک، ٨٦ هەزار پارچە زەوی دیاریکراوە بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن، باشترین جێگەمان بۆ فەرمانبەران دیاریی کردووە".

دلاوەر بۆزۆ ئاماژەی بەوەکرد چاوەڕێی تەواوبوونی نووسراوی سوودمەندبوونی فەرمانبەرانن و هەر کاتێک تەواو بوو، دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان دەکرێت.




PM:05:38:11/05/2026