سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی هێرشی توندی کردە سەر لایەنی کوردی و ڕایگەیاند'' ئەوان بوونەتە هۆی نائومێدکردنی واشنتۆن چونکە ئەو چەک و تەقەمەنییانەی بۆیان نێردرابوو تاوەکو بیگەیێننە دەستی خۆپێشاندەرانی ناوخۆی ئێران لای خۆیان هێشتوویانەتەوە و ڕادەستیان نەکردووە بەمەش ڕێگرییان کردووە لەوەی خەڵکی ئێران بتوانن بە چەکەوە بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات.''
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لەو وێنە ئەرێنییە گرت کە لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکادا بۆ کورد هەیە و وتی'' لەوێ دەگوترێت کوردەکان بە توندی شەڕ دەکەن.'' بەڵام بە بڕوای ئەو کوردەکان تەنیا کاتێک پارەیان پێدەدرێت بە باشی شەڕ دەکەن و لە ئێستادا تەنیا لە "بردن و بردن"دان بۆیە ئەو زۆر لە کورد بێهیوایە و پێیوایە ئەو ناوبانگەی لە کۆنگرێس هەیانە لەگەڵ ڕاستیدا یەکناگرێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەو هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ناردنی ئەو چەکانەدا نەبووە و هۆشداری دابوو کە هەرگیز ناگاتە دەستی خۆپێشاندەرانی ئێران.
ئێستاش بە تەنزەوە ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینییەکەی ڕاست دەرچووە چونکە کوردەکان چەکەکانیان لای خۆیان هێشتووەتەوە و ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێران و ئاڵۆزییەکان بەردەوامن و تاوەکو ئێستاش لایەنی کوردی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیی لەسەر ئەم تۆمەتانە بڵاونەکردووەتەوە.