سلێمانی.. گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەرانی ئاسایش ڕودەدات

لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان، گۆڕانکاری لە دوو پۆستی باڵای دەزگای ئاسایشی هەرێمدا ئەنجامدرا و تێیدا عەمید خالید محەمەد قادر وەک بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی دەزگای ئاسایش و عەقید هەوار مەجید قادر وەک بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستبەکاربوون.

قوباد تاڵەبانی لە میانی پیرۆزبایی بۆ بەڕێوەبەرە نوێیەکان ڕایگەیاند کە ئاسایش هێزێک نییە بۆ ترساندن بەڵکو ئەرکی بنەڕەتییان ڕەواندنەوەی ترس و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییانە، هەربۆیە پێویستە ئەم گۆڕانکارییە کارگێڕییانە ببنە هەوێنێک بۆ بەهێزترکردنی هەستی متمانە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خەڵکدا.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری کار بکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ئەندامانی ئاسایش تاوەکو مامەڵەیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای ڕێز بێت، چونکە بە بڕوای ئەو ئاسایشی وڵات تەنها ئەو کاتە بە تەواوی جێگیر دەبێت کە هاووڵاتییان خۆیان بە پشتیوان و هاوکاری سەرەکی هێزە ئەمنییەکان بزانن.




AM:09:20:12/05/2026