هاووڵاتییەک لە سەرەی غاز لە کەلار گیانی لەدەستدا

سۆران حەمە غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند'' بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (١٢ی ئایاری ٢٠٢٦) هاووڵاتییەک بەناوی "عەلی حەمەئەمین قادر" کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٠یە و دانیشتووی گەڕەکی کەلاری کۆنە، لە کاتی وەستان لە سەرەی وەرگرتنی غازدا لە قەزای کەلار گیانی لەدەستداوە.''

وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەرمی ئەو هاووڵاتییە ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی.

هاوکات کەسوکاری کۆچکردووەکە سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە و بەو هۆیەشەوە دادوەر بەپێی ماددەی ٤١١ی یاسای سزادان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ فرۆشیاری غازەکە دەرکردووە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان (ئیسرائیل و ئەمریکا) دژی ئێران، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی غاز بووەتەوە و سەرەڕای بەڵێنەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، هێشتا لە زۆربەی شارەکان سەکۆی دابەشکردنی غاز قەرەباڵغی و سەرەی درێژی هاووڵاتییانی پێوە دیارە.



PM:12:26:12/05/2026