بەڕێوەبەری گشتی و وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، عەلی یاسین لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای دەکات کە سێ گوندیان لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردوە تا ڕکابەری بکەن بۆ بە دەستهێنانی باشترین گوندی گەشتیاری لە جیهاندا.
سێ شەممە، ١٢ ئایار ٢٠٢٦، عەلی یاسین، بەڕێوەبەری گشتی و وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق رایگەیاند "حەوت ناوچە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەربژێر دەکەن بۆ ئەوەی رادەستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشتوگوزار بکرێن، تاوەکو ببنە بەربژێر و رکابەری بکەن لە چوارچێوەی دەسپێشخەریی باشترین گوندی گەشتیاری لە جیهاندا و سێ لەو گوندانە لە هەرێمی کوردستانن".
سەبارەت بەو سێ گوندەی هەرێمی کوردستان ، بەڕێوەبەری گشتی و وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق وتی "بیارە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، هرور لە سنووری پارێزگای دهۆک و رواندز لە سنووری پارێزگای هەولێر".
عەلی یاسین وتوشیەتی "ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی دۆسیەی ئەو گوندانەن بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دۆسیەکانیان لەلایەن لیژنەیەکی تەکنیکییەوە ئامادە دەکرێت و رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت، کە لەنێو ناوچە بەربژێرکراوەکانی ١٦٠ وڵات یەکێکیان هەڵدەبژێردرێت"..
ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ناوەکانیان پێشکەش دەکرێت بریتین لە "گوندی مێرگی لە نەینەوا، عەین تەمر لە کەربەلا، ئەلبو سوبات لە زیقار و گوندێکی شاری کوت لە پارێزگای واست"..
دەستنیشانکردنی باشترین گوندی گەشتیاریی جیهان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٧ و لەلایەن ژمارەیەک لە پسپۆڕانی بواری گەشتیارییەوە بڕیاری لێ دەدرێت.