بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لەوەدەکات کە هاوینی ئەم ساڵ "کێشەی کەم ئاوی لە هەولێر و دەوروبەری نامێنێت".
سێ شەممە، ١٢ ئایار ٢٠٢٦، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر کارەکانی ٪١٠٠ تەواو بووە، ئێستاش ٪٩٢ی کارەکانی بەستنەوەی هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بە تۆڕی گشتیی ئاوی شارەکەوە کۆتایی هاتووە، ئەو رێژە کەمەی ماوە، لە ماوەی مانگێک بۆ مانگ و نیوێکی دیکەدا بە تەواوی تەواو دەبێت".
"زۆربەی گەڕەکەکان بەستراونەتەوە و تەنیا چەند گەڕەکێکی کەم ماون کە دەکەونە نێوان رێگای مووسڵ و رێگای کەرکوک، لە ئێستاشدا کارکردن بۆ گەیاندنی ئاو بەو شوێنانە بەردەوامی هەیە"، ئاری ئەحمەد وا دەڵێت.
لەبارەی ئاوی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان وتویەتی "داوامان لە دانیشتووان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان کردووە وەک هاوبەشی ئاو خۆیان تۆمار بکەن، لە هەر پڕۆژەیەکدا رێژەی خۆتۆمارکردن بگاتە ٪٧٥، حکومەت بۆڕی بۆ رادەکێشێت و بە تۆڕی گشتییەوە دەیانبەستێتەوە، تا ئێستا نزیکەی ٪٤٥ی دانیشتووانی ئەو پڕۆژانە خۆیان تۆمار کردووە".
ئەمە لەکاتێکدایە ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین کێشەی کەم ئاوی لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر دروست دەبوو.