وەزارەتی ناوخۆ ٩ بڕیاری نوێ و گرنگی بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان دەرکرد

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک رێکاری نوێ و توندی بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک بۆ سەر سروشتی کوردستان راگەیاند، کە لە ٩ خاڵی سەرەکیدا کۆکراونەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، بە نووسراوی فەرمیی ژمارە (١٣٧٨٨) و بەپێی ئەو دەسەڵاتە یاساییانەی پێی دراوە، بڕیارەکانی ئاراستەی دامەزراوەکان کرد بۆ ئەوەی دەستبەجێ بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

لێرەدا پوختەی ٩ بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان خراوەتەڕوو:

١.جێگرتنەوەی نایلۆن بە کاغەز: هاندانی بەکارهێنانی کاغەز لەبری نایلۆن و شوشە لە پێداویستییە رۆژانەکاندا و پاڵپشتیکردنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاغەز.

٢.چاودێری و سزادان: چاودێریکردنی توندی جێبەجێکردنی رێنماییە ژینگەییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سزادانی سەرپێچیکاران.

٣. سزای دارایی تا ٨ ملیۆن: پێدانی دەسەڵات بە فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ سەپاندنی سزای دارایی تا بڕی (٨،٠٠٠،٠٠٠) هەشت ملیۆن دینار بەسەر سەرپێچیکاراندا.

٤. تیمی گەڕۆک لە شوێنە گەشتیارییەکان: پێکهێنانی تیمی هاوبەش لە (پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی دارستان و ژینگە) بۆ گەڕان لە شوێنە گەشتیارییەکان و سزادانی راستەوخۆی ئەو کەسانەی ژینگە پیس دەکەن.

٥. فراوانکردنی لیژنەکان: زیادکردنی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بۆ ناو لیژنەکانی پاراستنی ژینگە.

٦.کۆبوونەوەی مانگانە: ڕاسپاردنی پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مانگانە و چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاری و چاودێری.

٧.لابردنی زێدەڕۆیی: پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لەسەر ئاستی پارێزگا، قەزا و ناحیەکان بۆ رێگری و لابردنی هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر موڵکی دەوڵەت، دارستان و سەرچاوەکانی ئاو.

٨. قەدەغەکردنی سووتاندنی پەرێز: قەدەغەکردنی سووتاندنی پاشماوەی کشتوکاڵی و پەرێز دوای وەرزی دروێنە، بە مەبەستی پاراستنی زیندەوەران و رێگری لە کەوتنەوەی ئاگر.

٩. رۆڵی راگەیاندن: راسپاردنی دامەزراوە میدیاییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و ئاشناکردنی هاووڵاتییان بە یاسا و سزاکان.




PM:07:21:12/05/2026