بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە
هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان و ماتۆڕسکیلەکان لە رێگای هەولێر-هەریر دەرکرد، ئەمەش
بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران.
ئەمڕۆ، سێشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر
لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری شوفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیلی کردەوە کە
بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی گەشتیاران و رووداوەکانی هاتوچۆ و دروستنەبوونی
جەنجاڵی لەو رێگایانەی بە ناوچە گەشتیارییەکاندا تێدەپەڕن، بڕیار دراوە بە قەدەغەکردنی
هاتووچۆیان لە رێگای "هەولێر بۆ هەریر" و بەپێچەوانەشەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، قەدەغەکردنەکە لەم کاتانەی خوارەوەدا
دەبێت:
1- رۆژانی پێنجشەممە: لە
کاتژمێر (١٢:٠٠)ی نیوەڕۆ تاوەکو (١:٠٠)ی شەو.
2- رۆژانی هەینی: لە
کاتژمێر (٧:٠٠)ی بەیانی تاوەکو (١:٠٠)ی شەو.
هاتوچۆی هەولێر هۆشداری دەداتە شوفێران کە هەر کەسێک سەرپێچیی
ئەم بڕیارە بکات، لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێریی (خاڵ بۆ خاڵ) سزای دارایی بۆ تۆمار
دەکرێت.