لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، پارێزەرێکی لاهوور شێخ جەنگی، دەڵێت'' سبەی پێنجشەممە سەعات ١٠ی بەیانی، دووەم دانیشتنی دادگاییی لاهوور شێخ جەنگی و ١١ کەسی تر لە هاوڕێکانی لە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی بەڕێوە دەچێت و بڕیارە لەم دانیشتنەدا وتەی تۆمەتباران لەلایەن دادگاوە وەربگیرێت.''
دانا تەقیەدین رۆژی چوار شەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە دانیشتنی هەفتەی ڕابردوو بەهۆی زۆریی پەڕاوەکان و وردەکارییەکانی دۆسیەکەوە ڕێکارەکانی تەواو نەکرا و بۆ سبەی دواخرا، تاوەکو وردبینی تەواو لە کەیسەکەدا بکرێت.
لاهوور شێخ جەنگی و ١٩ کەس لە تیمەکەی ماوەی هەشت مانگە دەستبەسەر کراون، دوای ئەوەی لە ٢٦ی نیساندا قۆناغی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەیان تەواو بوو، دادوەری دادگای ئاسایش دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی دوو کرد بۆ یەکلاکردنەوە و دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.