ئومێد خۆشناو: حکومەتی عێراق لە دۆسیەی ئاوارەکاندا هاوکار نییە و پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە

 پارێزگاری هەولێر لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی "ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی" لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان ڕایگەیاند'' هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی باوەشی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری ڕۆژئاوای کوردستان و شارەکانی تری عێراق کردووەتەوە و تا ئێستاش ٣٥٥ هەزار کەس لە کەمپەکانی هەولێردا ماونەتەوە، وێڕای ئەوەی لەو شارەدا کەمپی تایبەت بە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بوونی هەیە.''

ئومێد خۆشاو، ڕەخنەی توندی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کرد و ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای هەبوونی ڕێککەوتن، بەڵام بەغدا هیچ کام لە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە و تەنانەت لە کاتی هاتنی شەپۆلی ئاوارەکانیشدا بودجەی هەرێمی بڕیوە کە ئەمەش ئەرکی حکومەتی هەرێمی یەکجار قورستر کردووە.

هەروەک جەختی کردەوە کە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیش وەک پێویست هاوکاری هەرێمیان نەکردووە و حکومەتی عێراقیش لە دابینکردنی بودجەدا دەستبار نەبووە.

سەبارەت بە بڕیاری داخستنی کەمپەکان، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند'' حکومەتی عێراق بە تاکلایەنە ئەو بڕیارەی داوە.'' 



PM:04:04:13/05/2026