نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند'' قۆناغێکی نوێی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەستیپێکردووە و لەمڕۆوە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەتوانن ناوی منداڵەکانیان بۆ ناو سیستەمەکە زیاد بکەن.''
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان ١ بۆ ١٢ ساڵدایە ناوەکانیان تۆمار دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش هاووڵاتییان دەبێت ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بە پسوولەی خۆراک بەکاربهێنن و پێویست ناکات سەردانی بنکەکان بکەن، بە مەرجێک منداڵەکە خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت و نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی سیستەمی دابەشکردنی خۆراک و دەستەبەرکردنی شایستەی دارایی و خۆراکییە بۆ هەموو خێزانەکان، داواشی لە هاووڵاتییان کرد بە زووترین کات لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە ناوی منداڵەکانیان تۆمار بکەن تاوەکو لە پشکی خۆراکی مانگانە سوودمەند بن.