دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتی ئوردنەوە، میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند کە شێخ مورشید خەزنەوی، کەسایەتی دیاری ئایینی و نەتەوەیی، کەمێک پێش ئێستا ئازاد کراوە.
دەستگیرکردنی ئەم کەسایەتییە لە کاتێکدابوو کە بۆ مەبەستی گەشتێکی ئاسایی لەو وڵاتە بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی ئوردن و نزیکەکانی شێخ هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری ڕاگرتنەکەی و وردەکارییەکانی ئەو پڕۆسەیە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن نەخستووەتە ڕوو.
شێخ مورشید خەزنەوی یەکێکە لە کوڕەکانی شێخی شەهید محەمەد مهعشووق خەزنەوی، ئەو کەسایەتییەی کە بە "شێخی ڕاپەڕین" دەناسرێت و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە یەکخستنی دەنگی کورد لە سووریا.
مورشید خەزنەوی هاوشێوەی باوکی، بەردەوام لە ڕێگەی وتار و چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد کردووە و بە یەکێک لە دەنگە ئازا و ڕەخنەگرەکانی دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا دادەندرێت، هەر ئەمەش وایکردووە کەسایەتییەکی خاوەن پێگەی جەماوەری بێت لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.