ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ ی ئایار دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و، دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگای دووی تاوانەکانی سلێمانی دوا وەرگرتنی قسەی شایەتحاڵێک کە بابەتێکی گرنگ و مەترسیداری وروژاند، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
دانیشتەنەکە کە لە دۆخێکی ئەمنی توندا بەڕێوە برا، هەر یەک لە نوێنەری قونسڵی بەریتانیا و قونسڵی هۆڵندا ئامادەبوون کە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی وتەی لێوەرگیراوی دانیشتنی هەفتەی رابردوو، لەگەڵ قسە وەرگرتن لە گەواهیدارێک.
لە دانیشتنەکەدا وتەی ئەو تۆمەتبارانە خوێندرایەوە کە پێشتر لە دەزگای ئاسایش لێیان وەرگیرابوو. یەکێک لە شاهیدەکان، پاسەوانی ڕێبوار حامید حاجی غالی بووە و لە شەوی رووداوەکەی لالەزار دەستگیرکرابوو، لە بەردەم دادوەردا رایگەیاند؛ وتەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە. شاهیدەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی گرتنیدا لێی دراوە، سەری شکێنراوە و چەقۆ کراوە بە پشتییدا، هەروەها هەڕەشەی لێکراوە ئەگەر لە دادگا ئەو قسانە نەڵێت کە پێی وتراوە، خراپتری لێ دەکرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە " لە ژێر ئەکشەنجەداندا خەسێنراوە".
لە دانیشتنی ئەمڕۆدا هەریەک لە باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وەک لایەنی سکاڵاکار، لەم دانیشتنەدا ئامادە نەبوون.
لە دانیشتەنەکەدا کە تایبەتیش بوو بە وەرگرتنی وتەی تۆمەتباران بە شێوەیەکی فەرمی کە ( بەگوێرەی ماددەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار کراون)، دوای دروستبوونی گرژی کۆتایی پێهات. گرژییەکە کاتێک دەستی پێکرد، یەکێک لە ئامادەبووان لەنێو هۆڵەکەدا هاواری کرد "بژی شێخ لاهور"، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێوان لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی و هێزە ئەمنییەکان، لە ئەنجامدا دادگا بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی دا.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ٧ی ئایار، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، دانیشتنەکەش بۆ ١٤ی ئەم مانگە واتە ئەمڕۆ پێنجشەممە دواخرا.
دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، یەکێکیان بە گوێرەی ماددەی ٥٦ کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ١٠ کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە کە ماددەی ٤٠٦."
شەوی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.