ئەمرۆ پێنجشەممە، ١٥ی
ئایاری ٢٠٢٦، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار 'عەجاج
ئەحمەد حەردان' ناسراو بە "جەلادی ئەنفال" دەرکرد.
نووسینگەی راگەیاندنی
دەسەڵاتی دادوەری راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و تێیدا هاتووە، کە تاوانباری
ناوبراو یەکێک بووە لە پیاوە دیارەکانی رژێمی لەناوچوو و بەشداربووە لە جێبەجێکردنی
سیاسەتێکی دڕندانە دژی هاووڵاتیانی کورد، تاوانەکانی بریتین بوون لە، ئەشکەنجەدان،
برسی کردن تا مردن، سوکایەتیکردن بە دەستبەسەرکراوان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی
(١٠٦٨) کەس لە ژن، منداڵ و پەککەوتە و دواتر زیندەبەچاڵکردنیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا.
بەپێی راگەیەندراوەکە،
ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی رێکخراو و سیستماتیکی رژێمی پێشوودا بووە دژی
هاووڵاتیانی کورد، کە لە کاتی شاڵاوە خوێناوییەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨دا لە زیندانی
نوگرەسەلمان دەستبەسەر کرابوون.
دادگا ئاماژەی بەوەش
کردووە، کە سزای لەسێدارەدانەکە بەپێی ماددەکانی (١١، ١٢، ١٥و ٢٤) لە یاسای دادگای
باڵای تاوانەکانی عێراق، ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥ دەرچووە.