ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦ مەسرور بارزانی، سەرۆکی
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی ٤٠ مەتریی سۆرانی کردەوە.
ئەم شەقامە دووسایدە و پێنج کیلۆمەتر درێژە، شەقامەکە بەرزترین
پرد لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت، درێژییەکەی ٢٥٠ مەترە بەرزییەکەشی
٢٣ مەترە. تێچووی پردەکە ٢٨ ملیار دینارە و کۆی گوژمەی پڕۆژەکە ٥٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن
دینارە.
پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتریی سۆران، لە ڕێگایەکی دوو ساید، هەر
سایدێک لە سێ هێڵ پێکهاتووە واتە لە یەک کاتدا سێ ئۆتۆمبێل دەتوانن لە تەنەیشت یەکترەوە
بڕۆن، پانی شۆستەکەشی دوو مەتر و نیوە هەروەها سیستەمێکی تایبەت و گەورەی ئاوەڕۆی
لە خۆگرتووە. ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە، چونکە جەنجاڵی ناو سەنتەری سۆران زۆر کەمدەکاتەوە
و ئاسانکاری زۆریش بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات.
کارکردن لەو پڕۆژەیە بە دوو شەفت بووە و بە شەو و رۆژ کاری
تێدا کراوە؛ ٣٥٠ کرێکار و ١٤ رووپێو و ١٠ ئەندازیار لەو پڕۆژەیە کاریان کردووە و لە
سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە کارەکانی ئەو پرۆژەیە تەواو بووە.
ئەمە جگە لەوەی سیمایەکی جوان دەبەخشێت، رێگەی ناوەندیی سۆران
بە شارۆچکەی مێرگەسۆر دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆی کارئاسانییەکی زۆر هاتووچۆی شۆفێران.