دانەغاز: بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بەرزبووەتەوە بۆ ٧٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا

کۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجەکانیان بۆ ٧٤ ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم گەیشتووەتە ٧٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی ٢٠١٨ـەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤ـی ئایاری ٢٠٢٦، کۆمپانیای دانەغاز راپۆرتی دارایی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ی بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە، قازانجی کۆمپانیاکە بە رێژەی ٪٧٢ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٧٤ ملیۆن دۆلار، لە رووی بەرهەمهێنانیشەوە، کۆمپانیاکە سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی ئاستی ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز لە رۆژێکدا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، هاوکات بەرهەمهێنانی نەوتی گەیاندووەتە ٧٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆتایی مانگی شوبات و مانگی ئازاردا، بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئەمنی ناوچەکەوە بۆ ماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانیان راگرتووە، بەڵام دوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە و ئێستا بەردەوامن لە دابینکردنی غاز بۆ کڕیارەکانیان.

باسی لەوەشکرد، پڕۆژەی گەشەپێدانی کێڵگەی چەمچەماڵ بەردەوامە کە بڕی ١٦٠ ملیۆن دۆلاری وەک وەبەرهێنان بۆ تەرخانکراوە.

روونیشیکردەوە، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا چەندین رێککەوتنی فرۆشتنی غاز واژۆ کراون، کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا رۆژانە ١٤٢ ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ کەرتی پیشەسازی دابین بکات.




PM:03:56:14/05/2026