لیژنه‌ی رێگریكردن و لابردنی زیاده‌ڕۆیی له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان پێكده‌هێنرێت

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سامانە سروشتییەکان توندتر دەکات و دەسەڵاتی تەواو دەداتە پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆ، قائیمقامیەت و ناحیەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرپێچیکاران.

بەپێی فەرمانێکی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە ڕێککەوتی ١٣ی ئایاری ٢٠٢٦ دەرچووە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لێژنەی تایبەت بە ڕێگریکردن و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، کە راستەوخۆ بە پارێزگار و سەرپەرشتیارەکانەوە دەبەسترێنەوە.

لێژنەکان لە نوێنەری پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی دارستان، وەزارەتەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ پێکدێن و ئەرکیان پاراستنی موڵکی دەوڵەت، دارستان، حەرەمی شەقام، بەنداو و ڕووبارەکانە.

فەرمانە نوێیەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لێژنەکان دەسەڵاتی تەواوی بەدواداچوون و ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە زێدەڕۆییەکیان هەیە. بەپێی ڕێکارەکان، زێدەڕۆکار ٢٤ کاتژمێری لەبەردەمدایە بۆ لابردنی سەرپێچییەکە؛ لە حاڵەتی پابەندنەبووندا، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بەپێی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٨ ، تا زێدەڕۆییەکە دانەماڵێت بە بڕیاری دادوەر دەستگیر دەکرێت و بە کەفالەت ئازاد ناکرێت.

هەروەها تێچووی لابردنی زێدەڕۆییەکە دەبێت لەسەر خەرجی کەسی سەرپێچیکار بێت.

لە کۆتایی فەرمانەکەدا هۆشداری دراوەتە فەرمانبەران و بەرپرسانی دامەزراوەکانی حکومەت کە هەر جۆرە کەمتەرخەمی، ئاسانکاری یان چاوپۆشییەک لە زێدەڕۆیی بکەن، ڕێکاری یاسایی توندیان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.




PM:05:08:14/05/2026