بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر، مەریوان حاکم هادی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە "فەرمانبەرانی میلاکی حکومەتی هەرێم کە نیشتەجێی سنوری مادەی ١٤٠"ن زەوییان پێدەدرێت.
پێنج شەممە، ١٤ ئایار ٢٠٢٦، مەریوان حاکم هادی رایگەیاند "فەرمانبەرانی میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نیشتەجێی سنووری مادەی ٢٤٠ـن، وەک هەموو فەرمانبەرانی تری حکومەت مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و هەوڵەکان بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆیان بەردەوامن".
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە سنووری شارەوانیی هەولێر زیاتر لە ٨ هەزار فەرمانبەری ناوچەکانی مادەی ١٤٠ هەن، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت زەوییەک تەرخان بکەن کە "هیچ جیاوازییەک لە نێوان فەرمانبەرانی هەولێر و سنووری مادەی ١٤٠ نەبێت".
مەریوان حاکم هادی وتویەتی "کێشەی سەرەکی ئێستا لەو فەرمانبەرانەدایە کە لە ناو سەنتەری هەولێر دەوام دەکەن و کارتی زانیارییان کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی مادەی ١٤٠، ئێمە لە هەوڵداین شوێنی گونجاویان بۆ دابین بکەین".
سەبارەت بە ئەگەری پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانە لەناو کەرکووک، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر روونی کردەوە کە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لەسەرشوێنی کارکردن و کارتی زانیاری دەکاتەوە، بۆیە دەبێت لەو سنوورە زەوییان پێبدرێت کە لێی نیشتەجێن و کاری تێدا دەکەن.