بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند'' مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕزگاری، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە هەوڵیان دابوو لەناو گەراجی ماڵێکی چۆڵ لە گەڕەکی ڕزگاری چەند ئۆتۆمبێلێک بدزن.''
دوای ئەوەی هاووڵاتییەک پۆلیسی ئاگادار کردەوە لە بوونی ئەو هەوڵە، بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد و توانرا زانیاری لەسەر ناسنامەی تۆمەتبارەکان کۆبکرێتەوە؛ سەرەڕای هەوڵی هەڵاتنیان، مەفرەزەکانی پۆلیس توانییان هەردوو تۆمەتبار (ب، ب، هـ) و (ب، س، ص) دەستگیر بکەن.
پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کرد کە هەردوو تۆمەتبارەکە لە ئێستادا بەپێی ماددەی (٤٤٤) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
هەروەها دەرکەوتووە کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان پێشتریش لەسەر تاوانێکی هاوشێوە دەستگیرکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێش پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی تری ڕاگەیاند کە بڕی ٣٠ هەزار دۆلاری دزیبوو.