هەورەبرووسکە لە سلێمانی قوربانییەکی دیکەی لێکەوتەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی (١٥ی ئایاری ٢٠٢٦)، ڕووداوێکی تری هەورەبرووسکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی لێکەوتەوە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی تەنیا لەمڕۆدا بەو هۆیەوە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە گەیشتە سێ کەس.

لە گوندی هەنارانی خواروو، کە سەر بە ناحیەی ڕاپەڕینە لە پارێزگای سلێمانی، هاووڵاتییەک بە ناوی (خەسرەو ئەنوەر) کە تەمەنی ٤٥ ساڵ بووە، لە کاتی شوانی و لەوەڕاندنی ئاژەڵدا هەورەبرووسکە لێی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. بەپێی وتەی کەسوکاری، خەسرەو لەو کاتەدا بە تەنیا بووە و بەهۆی بەهێزیی برووسکەکەوە بەشێکی جەستەی سووتاوە. ناوبراو خێزاندار بووە و باوکی دوو کوڕ و کچێکە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ لە سنووری قەزای دووکان، کارەساتێکی هاوشێوە ڕوویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی باوکێک بە ناوی (محەممەد خدر) و کوڕەکەی بە ناوی (ئارێز)، کە بۆ گەشت و سەیران چووبوونە ناوچەکە و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا هەورەبرووسکە لێی دابوون.

شارەزایانی کەشناسی هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان، بەتایبەت ئەوانەی لە ناوچە شاخاوییەکان و دەشتاییەکانن، کە لە کاتی هەورەتریشقەدا لە شوێنە بەرزەکان و ژێر دارەکان دوور بکەونەوە و ئامێرە گەیەنەرەکان بەکارنەهێنن بۆ پاراستنی گیانیان.



PM:06:46:15/05/2026