کەشناسێک ئاماژە بەوە دەکات کە سبەی ئەم گۆرانکاریانەی کەشوهەوا کە ناوچەکەمانی گرتۆتەوە، لە ناوچەکانی سلێمانی چڕ دەبێتەوە و هەورە برووسکەو تاوە باران دەبارێت.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی شەوی هەینی ١٥ ی ئایار لە نووسینێکدا دەڵێت "کاریگەری بارستە هەوا ساردەکە لە ئێستاوە لەسەر ناوچەکانمان زیاتر ئەبێت کە ئەمڕۆ لەئەنجامی ئەو گۆرانکاریە و ناجێگیربوونی بەرگەهەوا لە شوێن و ناوچەی جیاجیا هەورە بروسکەی توند چالاکبوو لەگەڵ تاوە بارانی بەخوڕ کە بەداخەوە بەهۆی بەهێزی هەورە بروسکەکانەوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین سێ هاوڵاتیش گیانیان لەدەستدا".
ئەو پسپۆرە ئاماژە بەوەش دەکات، لەئەنجامی بای بەهێزیش لەهەندێ شوێندا ستونی کارەبا خواربووەتەوە و زەرەرو زیانی ماددی بەهەندێ شوێن گەیاندووە ، بۆ ئەمشەویش ناوبەناو هەورە بروسکەی بەهێز و تاوە باران لەشوێن و ناوچەی جیاجیادا بەردەوامی ئەبێت".
ئاراز جەبار دەشڵێت " سبەی شەمە کاریگەری ئەو بارستە هەوایە زیاتر ئەبێت و سەنتەرەکەی داخڵی ناوچەکانمان ئەبێت بۆیە پلەکانی گەرما نزمتر ئەبنەوە و کەش لەتەواوی ناوچەکانمان فێنک ئەبێت و لەناوچە شاخاویەکانیش سارد ئەبێت، لە کاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە لە زۆربەی ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و دهۆک و کەرکوک و ئیدارەی سۆران و راپەرین هەورە بروسکە و تاوە باران دەستپێدەکاتەوە و لەهەندێ شوێندا تاوە بارانەکان بەخور ئەبن و هەورە بروسکەکانیش توند و بەهێز ئەبن ".