تەندروستیی جیهانیی بەهۆی پەتایەکی کوشندەوە باری نائاسایی راگەیاند

بە هۆی بڵاوبونەوەی جۆرێک لە ڤایرۆسی ئیبۆلا کە هیچ ڤاکسین و چارەسەری بۆ نییە، لانیکەم ٨٧ کەس لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەیەکدا هەیە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری نائاسایی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ رادەگەیەنێت و هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری دەدات. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا نزیکەی ٢٤٦ حاڵەتی گوماناوی و ٨٧ گیانلەدەستدان تۆمارکراون، بەڵام روونیکردەوە کە هێشتا ڤایرۆسەکە نەگەیشتووەتە ئاستی "پەتا جیهانییەکان".

دکتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا کە گومان و نادڵنیایی زۆر هەیە لەبارەی ژمارەی راستی تووشبووان و شوێنەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، ئەم جۆرەی ئێستای ئیبۆلا بەهۆی ڤایرۆسی "بوندیبوگیۆ"وەیە، کە تا ئێستا هیچ دەرمان یان ڤاکسینێکی پەسندکراوی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ڤایرۆسەکە سنووری کۆنگۆی بەزاندووە و گەیشتووەتە وڵاتی ئۆگەندا، لەوێش ٢ حاڵەتی تووشبوون پشتڕاستکراونەتەوە و یەکێکیان کە پیاوێکی تەمەن ٥٩ ساڵ بووە، رۆژی پێنجشەممە گیانی لەدەستداوە.

ڤایرۆسی ئیبۆلا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٦ لە کۆنگۆ دۆزرایەوە و پێدەچێت لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ گوێزرابێتەوە. ئەمە ١٧یەمین جارە ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە لەو وڵاتەدا بڵاودەبێتەوە.




AM:09:46:17/05/2026