٨٠٪ى گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق، گۆڕی قوربانیانی کوردن

هێمن حەسیب نووسەر و چالاکوان له بواری جینۆساید رایگەیاند تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژێکی نیشتمانی نییە بۆ یادی قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە کاتێکدا ٨٠٪ى گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق، گۆڕی قوربانیانی کوردن.

دوێنێ لە رۆژی نیشتیمانی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراق، هێمن حەسیب نووسەر و چالاکوان له بواری جینۆساید رایگەیاند، "لە کۆی (١٧١) گۆڕی بە کۆمەڵی سەردەمی بەعس، کە لە ماوەی (٢٣) ساڵی رابردوو لە عێراق هەڵدراونەتەوە، تەنها (٢٤) گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان و (٥) گۆڕی بە کۆمەڵی جینۆسایدکراوانی بارزانی هەڵدراونەتەوە".

حسیب زیاتر وتی "تائێستا (١٩٠٠) رووفاتی ئەنفالکراو لە گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵگیراونەتەوە و هەرچی ڕووفاتی جینۆسایدکراوانی بارزانییە، تائێستا (٦٩٦) ڕووفات لە پێنج گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵگیراونەتەوە".

بە وتەی هێمن حەسیب، دیاریکردنی ڕۆژی ١٦ ئایار، بە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانیانی ڕاپەڕینی شەعبانیە لە ناوچەی مەحاویل لە پارێزگای بابل لە ڕۆژی (١٦ ئایاری ٢٠٠٣)، واتا بە مانگێك دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس.




AM:11:47:17/05/2026