قائیمقامیەتی سلێمانی: دابەشکردنی غاز ئاسایی بووەتەوە و نرخەکەی وەک خۆیەتی

سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند'' میکانیزمی دابەشکردنی غازی شل لە ئێستادا هاوشێوەی قۆناغی پێش جەنگەکەی لێهاتووەتەوە و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.''

عومەر عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا غاز تەنها لە ڕێگەی فۆڕمی خۆراکەوە دابەش دەکرێت، ئەمەش هەنگاوێکە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا چونکە لە کاتی قەیرانەکەدا کەسانێک هەبوون زیاتر لە ٥٠ بتڵ غازیان کۆکردووەتەوە و بوونەتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکە.

سەبارەت بە نرخەکەی، سەرۆکی لیژنەکە جەختی کردەوە کە نرخی یەک بتڵ غاز وەک خۆیەتی و بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینار دەدرێتە هاووڵاتییان. هۆشداریشی دا کە چەندین بریکاریان غەرامە کردووە بەهۆی ئەوەی بتڵێک غازیان بە ٩ هەزار دینار فرۆشتووە و سەرپێچییان کردووە.

لە کۆتاییدا عومەر عەبدوڵا دڵنیایی دا کە پێش جەژنی قوربان بڕێکی زۆر غاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، و داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە هەر کەسێک غازی دەستناکەوێت، پەیوەندی بە لیژنەکەوە بکات تاوەکو لە نزیکترین شوێنی ماڵەکەی بۆی دابین بکرێت.



PM:02:18:17/05/2026