"شەڕی گوێر دژوار بووەو قوربانییەكان زۆرن"
ئەو هێرشەی داعش بەرەبەیانی ئەمرۆ كردیەسەر گوێرو بۆ دوو كاتژمێر شارۆچكەكەی داگیركردو دوایی پێشمەرگە ئازادی كردەوە، شەڕێكی دژوار بوو و شەهیدەكانیش زۆرن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە هێزی پێشمەرگەوە بە سپی میدیای راگەیاند: دوای ئەوەی كە بەرەبەیانی ئەمرۆ هێزێكی زۆری داعش كە ژمارەیەكیان لەرێگەی بەلەمەوە دزەیان كردبوو ناو گوێرو بۆ 2 كاتژمێر شارەكەیان كۆنترۆڵكرد، لەهێرشێكدا هێزەكانی پێشمەرگە توانیان گوێر لە داعش وەرگرنەوە.
لەو شەڕەدا كە چەندان داعشی تیا كوژراوە، هاوكات ژمارەی شەهیدەكانی پێشمەرگەو هاوڵاتیان زۆرن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەو سەرچاوەیەو چەند سەرچاوەیەكی ترەوە دەستی سپی میدیا كەوتووە، ژمارەی شەهیدەكان 43 ئاسایشو پێشمەرگەو هاوڵاتی مەدەنی خەڵكی ناوچەكەن.
سەرچاوەكەی سپی وتی: چەكدارانی داعشیش بەدەیان كەسیان لێكوژراوەو لە كاتی شكانیشیاندا زۆر بە شپرزەیی هەڵهاتووەو كوژراوەكانیان هێندەی تر زیادی كردوە.
هاوكات سایتی باسنیوز لەزاری بارزان قەساب جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویكردەوە چەكدارانی داعش ژمارەیەك هاوڵاتییان رفاندوەو وتی "ژن و منداڵی ئەو بارمتانە رەوانەی هەولێر کراون، بەڵام بەپێی زانیارییەکان پیاوەکانی ئەو خێزانانەیان کوشتووە. ژمارەیەک گەنجیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە".
سەبارەت بە ژمارەی کوژراوانی داعش، بارزان قەساب گوتی: "تەرمی (15) چەکداری داعش، لەبەردەستی ئێمەیە، کە بەشێکیان بیانین، بە رووخسار و شێوەیانەوە دیارە، کە عێراقی نیین
PM:03:40:10/01/2015