بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ڕۆژئاوای کوردستان چوونەتە قۆناغێکی نوێ و هەستیارەوە، دوای ئەوەی دەنگۆی دیدارێکی نهێنی لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە دوورگەی ئیمراڵی بڵاوبووەتەوە.
ئەم پێشهاتەش کاردانەوەی توندی لە ناو پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەسەڵاتدار لە تورکیا لێکەوتووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا نە هەسەدە و نە میدیا فەرمی و نزیکەکانی، هیچ ڕوونکردنەوە یان زانیارییەکیان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بە شێوەیەکی نهێنی سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردووە.
لەو دیدارەدا ئۆجەلان بە توندی ڕەخنەی لە سەرکردایەتی هەسەدە گرتووە و پێی ڕاگەیاندوون کە ئەو لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی، بۆیە پێویستە ئەوانیش ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا بگرنەبەر و بە تەواوی کۆتایی بە ململانێی چەکداریی بهێنن.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە، ئاکپارتی مەرجی "چەکدانانی تەواوەتی" وەک تاقیکردنەوەی سەرەکی بۆ هەر هەنگاوێکی نوێ دەبینێت. بەرپرسانی پارتەکە جەخت دەکەنەوە، تاوەکو هەموو هێزە چەکدارەکان بەیەکجاری چەک دانەنێن، هیچ ئاسانکارییەکی یاسایی یان گۆڕانکاریی لە پرۆسەکەدا ئەنجام نادرێت و دەوڵەت لەسەر هەڵوێستە توندەکەی خۆی بەردەوام دەبێت.
ئەم پێشهاتانە دوای زنجیرەیەک بڕیاری مێژوویی دێن، لەوانە بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، دواتریش ڕێکخراوەکە لە کۆنگرەی ١٢ی خۆیدا لە ئایاری ٢٠٢٥ بە فەرمی بڕیاری "کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی خۆی"دا، ئەمەش وایکردووە لە ئێستادا چاوی ناوخۆ و جیهان بکەوێتە سەر هەنگاوەکانی داهاتووی هەسەدە لە سووریا.