بەڕێوبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمـی کوردستان، ئیحسان عەبدولرەحمان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی "خۆکوشتنی" گەنجێکی ١٨ ساڵ لە ناو زیندانی ژنان و منداڵانی سلێمانی دەڵێت "چەند لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە پێکهێندراوە".
یەک شەممە، ١٧ ئایار ٢٠٢٦، دوای ئەوەی تەرمی گەنجێکی راگیراو لە ناو گەرماوی چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی دۆزرایەوە بەڕێوبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمـی کوردستان رایگەیاند "لەبارەی گیان لەدەستدانی ئەو زیندانییە راگیراوە، ئەمڕۆ لە سلێمانی لیژنەیەکمان بە چاودێریی مافی مرۆڤ و داواکاری گشتیی سلێمانی پێکهێناوە، هاوکات تەندروستی، پۆلیس و ئاسایشیش لیژنەیان پێکهێناوە بۆ زانینی هۆکاری سەرەکیی خۆکوشتنی ئەو گەنجە".
ئیحسان عەبدولڕەحمان وتی "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کوڕە بە قەیتانی بیجامەکەی خۆی خنکاندووە. لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە و دوای گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی، بۆ رای گشتی رادەگەیێندرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان لەبارەی ناسنامە و هۆکاری دەستگیرکردنی وتویەتی "ئەو گەنجە ناوی داریوشە و تەمەنی خوار ١٨ ساڵ بووە و بەو هۆیەوە لە چاکسازیی ژنان و منداڵان بووە، پێشتر سێ جار لەسەر مادەی ٤٤٦ (دزی) دەستگیر کراوە، بەڵام هیچ جارێک سزا نەدراوە و وەک راگیراو لای پۆلیس ماوەتەوە".