بە پێی هەواڵی کەناڵ ١٢ی
ئیسرائیلی، گەورەترین هێڵی ئاسمانی جیهان، کە هێڵی ئاسمانی ئەمریکایە، گەشتەکانی بۆ
ئیسرائیل تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ هەڵوەشاندەوە، هاوکات سوپای ئەو وڵاتە
ئامادەکاریی بۆ هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران دەکات.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس
ئاشکرای کردووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی پەیوەندییەکی
تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشهاتەکانی جەنگی لەگەڵ ئێران و
ئەگەرەکانی پەرەسەندنی سەربازی تاوتوێ کردووە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل
بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئامادەباشییەکی
تەواودان بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.
هاوکات کەناڵی تەلەفزیۆنی "کان"ی ئیسرائیلی لە
زاری بەرپرسێکی ئەمنیی نەناسراوەوە رایگەیاند، "لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە
نوێیەکانی ئەمریکا، ئیسرائیلیش دەچێتە ناو ئۆپەراسیۆنەکەوە و ژێرخانی وزەی ئێران دەکاتە
ئامانج."
ئەم ڕاپۆرتە دوای پەیوەندییەکی
تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترامپ و بنیامین ناتانیاهۆ لە ڕۆژی یەکشەممەدا دێت. بەپێی
زانیارییەکانی کەناڵی "کان"، پەیوەندییەکە زیاتر لە نیو کاتژمێری خایاندووە و تێیدا
هەردوولا تاووتوێی ئەگەری دەستپێکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانیان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی
١٣ی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، دەیان فڕۆکەی هەڵگری
تەقەمەنی و چەکی ئەمریکی لە بنکە سەربازییەکانی ئەڵمانیاوە بەڕێکەوتوون و لە تەلئەڤیڤ
نیشتوونەتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل ئەم
هەنگاوانە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ئامادەکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ شەڕی ئەگەری لە دژی
ئێران ناو دەبەن.