٣٠ بەنزینخانە بەهۆی "خراپی کوالێتیەوە" سزا دەدرێن


لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، سالار محەمەد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باس لە سزادانی ٣٠ بەنزینخانە دەکات لە سنوری پارێزگایی هەولێر.

دوو شەممە، ١٨ ئایار ٢٠٢٦، سالار محەمەد رایگەیاند "بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاوڵاتیان و لە بەرامبەر دەستکاریکردنی کوالیتی بەنزین، لەمانگی رابردوودا ١٢ بەنزینخانە و لەسەرەتای ئەو مانگەشدا تاوەکو ئەمڕۆ ٨ بەنزینخانە لەهەولێر و دەوروبەری لەلایەن لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر سزادراون".

"لیژنەکانی بەدواداچوون رۆژانە زیاتر لە ٣٠ بەنزینخانە بەسەر دەکەنەوە و پشکنین بۆ کوالێتی ئەو بەنزینەی بە هاوڵاتیانی دەفرۆشن ئەنجام دەدەن، بە گوێرەی جۆری بەنزین دەبێت رێژەی ئۆکتان بۆ نۆرمال ٨٩، موحەسەن ٩٢ و سوپەر ٩٥ کەمتر نەبێت، بۆیە داوا لە هاوڵاتیانیش دەکەین لە لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنی کوالێتیەکەی لەزووترین کات لیژنەکانمان ئاگادار بکەنەوە"، لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر وا دەڵێت.

سەبارەت بە  بڕ و جۆری سزاکان لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون وتی "مانگی نیسانی رابردوو بە بڕی ٤٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار ١٢ بەنزینخانە سزادراون، ٨ بەنزینخانەکەی دیکە بە بڕی ٣٧ ملیۆن دینار سزدراون، جگە لە پێبژاردن ئەو بەنزینخانانە ماوەی چەند رۆژێکیش دادەخرێن، ئەگەر سەرپێچیەکەش دووبارە بکەنەوە سزاکەیان زیاتر دەبێت و ماوەی داخستنیشیان درێژتر دەکرێتەوە".




PM:02:12:18/05/2026