وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' پرۆسەی گواستنەوەی زیارەتکاران بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و سەرجەم حاجیانی کوردستان، کە ژمارەیان ٥١٢٠ کەسە، بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شاری مەککەی پیرۆز و دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەرک و مەڕاسیمە ئایینییەکانیان کردووە.''
کاروان ستوونی، ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەمساڵ گەشتی سەرجەم حاجیان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بووە و لە فرۆکەخانەکانیشدا هەموو جۆرە ئاسانکاری و خزمەتگوزارییەکی پێویستیان بۆ دابینکراوە بۆ ئەوەی بێ گرفت گەشتەکانیان ئەنجام بدەن.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی حەج، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە ئامادەکاری پێشوەختە دەکات بۆ ڕێکخستنی گەشتی زیارەتکاران بۆ عەرەبستانی سعوودیە.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لە حاجیان لە ڕێگەی وشکانییەوە گەشتیان دەکرد، بەڵام بۆ ئەمساڵ، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ماندووبوون و پاراستنی سەلامەتییان، بڕیاردرا کە سەرجەم کاروانەکان تەنها لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانییەوە بگوازرێنەوە و تیمی پزیشکی و کارگێڕی تایبەتیش هاوڕێیەتیان دەکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست لە شوێنە پیرۆزەکان.