نێچیرڤان بارزانی لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا و سەرۆک وەزیران کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ڤاتیکان، لەگەڵ کاردیناڵ پیێترۆ پارۆلین، سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق تاوتوێ کران. سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان ستایشی پێگەی هەرێمی کوردستانی کرد وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازی لێکرا. نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکەدا جەختی لەوە کردەوە، مەسیحییەکان بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە ناسنامەی نیشتمانیی هەرێم.

وەک هێمایەک بۆ ئەم پێکەوەژیانە، سەرۆکی هەرێم تابلۆیەکی تایبەتی پێشکەش بە پاپا کرد کە لەلایەن هونەرمەندی کورد (شاناز جەمال)ـەوە دروستکراوە و گوزارشت لە کڵێسای نۆتەردامی پاریس دەکات لەسەر بەرمال و جاجمی کوردی.

ئەم سەردانە فەرمییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی شاندە حکومی و دیپلۆماسییەکاندا نەبوو، بەڵکو  ئیدریس نێچیرڤان بارزانیی کوڕی سەرۆکی هەرێمیش لەم سەردانەدا یاوەری باوکی بوو و ئامادەیی هەبوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆرجار بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە گەشتە فەرمی و نافەرمییەکانیاندا بۆ دەرەوەی وڵات، منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن.



PM:08:26:18/05/2026