نووسینگەی سلێمانیی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بەدواداچوونی مەیدانیی و وردی بۆ ڕووداوی گیانلەدەستدانی نەوجەوانە ١٧ ساڵانەکەی ناو گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی دەستپێکرد، کە دوێنێ یەکشەممە (١٧ی ئایاری ٢٠٢٦) ڕوویدا.
ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، نووسینگەی مافی مرۆڤ تیمێکی تایبەتی پێکهاتوو لە میدیا عەبدوڵڵا عەلی، لێپرسراوی هۆبەی چاودێریی گرتووخانەکان، و ئالان محەمەد ڕەسوڵ، لێپرسراوی هۆبەی یاسا و سکاڵا، ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کرد.
تیمەکە لە نزیکەوە چوونە ناو گرتووخانەکە و پشکنینیان بۆ شوێنی ڕووداوەکە کرد، هەروەها سەیری تۆماری کامێراکانی چاودێریی ناو ئەو گەرماوەیان کردووە کە ڕووداوەکەی تێدا تۆمارکراوە.
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونە سەرەتاییەکانی تیمەکە، ئەو نەوجەوانە کۆچکردووە کە ماوەیەک بوو بە بڕیاری دادوەری تایبەتمەند ڕاگیرابوو، سەرلەبەیانی چووەتە ناو گەرماوی تایبەت بە هۆڵەکەی خۆیان و دوای ماوەیەک مانەوە، بە مردوویی دۆزراوەتەوە.
لە ئێستادا لیژنەیەکی تایبەت بە سەرپەرشتی دادوەر پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوەی بەردەوام و گەیشتن بە دەرئەنجامی کۆتایی. دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆتاییدا ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری، ئەنجامی توێکاریی تەرمەکە و کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە جۆری ڕووداوەکە یەکلایی دەکەنەوە کە ئایا "خۆکوشتن" بووە یان "کوشتن". هاوکات، ڕاپۆرتێکی سەرەتایی لەسەر کەیسەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کراوە و بەدواداچوونی زیاتریش لەسەر دۆسیەکە بەردەوامە.