یەکگرتوو دەستپێشخەرییەک بۆ شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی ڕادەگەیەنێت

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، گەڕێکی بەرفراوانی لە جووڵەی سیاسی بە مەبەستی ڕزگارکردنی هەرێمی کوردستان لە دۆخی چەقبەستوویی و توانەوەی ساردیی نێوان پارتی و یەکێتی دەستپێکردووە.

میدیای نزیک لە حزڤەکەی بڵاویکردەوە'' ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییە لە سێ تەوەری سەرەکی پێکدێت کە پێشتر لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەدا پەسند کراوە، بەو ئامانجەی متمانە بۆ نێوان لایەنەکان بگەڕێنێتەوە.''

تەوەری یەکەم جەخت لە ڕاگرتنی شەڕی ڕاگەیاندن دەکات، تەوەری دووەم نەخشەڕێگەیەکی کاتی یەک مانگی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ دیاری دەکات، و تەوەری سێیەمیش تایبەتە بە داڕشتنی بەرنامەیەکی خزمەتگوزاریی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، کارەبا، سووتەمەنی و کەمکردنەوەی باج.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا، سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٦ سەردانی دەباشانی کرد و پێشنیازەکەی پێشکەش بە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد. سەرۆکی یەکێتی بە بایەخەوە لە پرۆژەکەی ڕوانی و هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەستبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی تەوەری یەکەمی دا و بە فەرمی فەرمانی بە تەواوی میدیاکانی یەکێتی کرد کە شەڕی ڕاگەیاندن دژی پارتی ڕابگرن؛ هەروەک چۆن میدیاکانی خۆشیان (میدیاکانی یەکگرتوو) ئەم هەواڵە و بڕیارە خێرایەی دەباشانیان بە فەرمی بڵاوکردووەتەوە.


لە درێژەی ئەم گەڕە دیپلۆماسییەدا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٦، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو بە یاوەری شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا. سەرۆکی حکومەت بەڕێز و سوپاسەوە یاداشتەکەی یەکگرتووی وەرگرت و لە کاتی خستنەڕووی تەنگژەکاندا، هاوڕای بوو لەسەر پێویستیی گرتنەبەری هەنگاوی کرداری و خێرا بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی و کاراکردنەوەی دەزگا یاسایی و شەرعییەکان لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و خزمەتکردنی هاونیشتمانیاندا.

تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا،  سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین توانی پڕۆژەکەی بگەیەنێتە لوتکەی بڕیاری سیاسی لە دەباشان و هەولێر. هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و مەسروور بارزانی بە فەرمی پێشوازییان لە جێبەجێکردنی هەنگاوە کردارییەکانی ئەم نەخشەڕێگایە کردووە، ئەمەش وەک وەرچەرخانێک لە ئاراستەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەبینرێت کە تێیدا یەکگرتوو توانیویەتی ڕۆڵی بزوێنەری سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بگێڕێت.



PM:09:42:18/05/2026