ئەمشەو جارێکی دیکە بە چەند موشەکێک هێرشکرایە سەر کەمپی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناوچەی سورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە (سپی) ڕاگەیاند: لە درێژەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە، کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو دووشەممە (١٨ی ئایاری ٢٠٢٦)، بە چوار موشەک هێرش کرایە سەر مەقەرەکانی کۆمەڵە لە ناوچەی سورداش.
ئەو سەرچاوە باڵایە ئەوەشی خستە ڕوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەستپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەتا ئێستا، بە زیاتر لە ٧٧ موشەک و درۆن بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
ئەم هێرشە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، کەوتووەتە ناوەڕاستی گرژی و ململانێیەکی توندی سەربازی لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندا.
لە ماوەی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی ئەم جەنگە هەرێمییەدا، چەندین جار ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنراوە و بنکە و بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە بە درۆن و موشەک کراونەتە ئامانج، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم تەنها لە ماوەی ئەم جەنگەدا زیاتر لە ٦٠٠ موشەک و درۆن ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کراون.