بەرپرسێکی باڵای یەکێتی کۆبوونە لەگەڵ فەرمانگە حکومییەکان دەکات


بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری سلێمانی و چەمچەماڵ کۆدەبێتەوەو ئامۆژگاریان دەکات ژینگە بپارێزن.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرکەوت زەکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە هەواڵێکدا بە چەند وێنەیەکەوە بڵاویکردۆتەوە، " ئەمڕۆ ١٨ / ٥ / ٢٠٢٦، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە، و بۆ بەپیرەوەچونی ڕێکخراو و هەوڵە ژینگەییەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان و گرنگ بە سەرپەرشتی هەڤاڵ سەرکەوت زەکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی (سلێمانی و چەمچەماڵ) بەڕێوەچوو".

هەروەها هاتووە " لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگاری سلێمانی، قائمقامەکانی سنووری پارێزگاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و بەڕێوەبەری دارستان ئەنجامدرا، گفتوگۆی چڕ کراوە".

وەک لە راگەیاندنەکەی ئەو بەرپرسە باڵای یەکێتیدا باس کراوە" داڕشتنی بەرنامەی کاری چڕوپڕ بۆ ڕێگریکردن لە سووتانی دارستان و پووش و پاوانەکان و خۆئامادەکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە."

لەو کۆبوونەوەیدا، سەرکەوت زەکی وتوویەتی" پاراستنی سەوزایی و ژینگەی هەرێم و سلێمانی، ئەرکی هەموو لایەکمانە و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ سروشت بکەین بۆ ڕێگریکردن لە هەر کارەساتێکی ژینگەیی".

دوێنێش ناوبراو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی کۆبۆتەوەو لە هەژماری بەرپرسی ناوبراو بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی بۆچوونی چاودێران ئەم کارە هیچ سەربەخۆیەک بۆ فەرمانگە حکومییەکان نا‌هێڵێتەوەو، دەستوەردانێکی تەواو حزبە لە فەرمانگە حکومییەکاندا.
وێنەکان ببینە..




PM:11:19:18/05/2026