نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئاسیادا بە ڕێژەی ٢٪ دابەزینی بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند'' پلانی هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئێران ڕاگرتووە بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە دیپلۆماسییەت و دانوستانەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.''
دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە نرخەکان گەیشتنە بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، لە بازاڕەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا (١٩ی ئایاری ٢٠٢٦) بەم شێوەیە دابەزین، نەوتی برێنتی دەریای باکوور ٣ دۆلار دابەزی و نرخەکەی گەیشتە ١٠٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکی ١ دۆلار و ٣٨ سەنت دابەزی و بە ١٠٧ دۆلار و ٢٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم پاشەکشەیەی نرخەکان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە لێدوانەکەی ترەمپ کە ڕایگەیاندبوو "دەرفەتێکی زۆر باش" هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.
هاوکات لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە پێشنیازی وڵاتەکەیان لە ڕێگەی پاکستانەوە گەیەندراوەتە واشنتۆن، هەرچەندە سەرچاوە پاکستانییەکان ئاماژە بە سستیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە کە ئەمریکا ڕازی بووە لە کاتی دانوستاندنەکاندا سزاکانی سەر نەوتی ئێران لابدات، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی بە فەرمی ئەو بانگەشەیەی ڕەتکردەوە.