فراکسیۆنی پارتی لە یادی ٣٤ ساڵەی یەکەم هەڵبژاردندا: کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستییەکی نیشتمانی و دەستوورییە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٤ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان (١٩ی ئایاری ١٩٩٢)، ڕایگەیاند'' پاراستنی پەرلەمان هاوتاو هاوتەریبە لەگەڵ پاراستنی قەوارەی ''

هەرێمی کوردستان و جەختیشی لە کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوەیە وەک "پێویستییەکی نیشتمانی و دەستووری" کردەوە.

فراکسیۆنی پارتی لە بەیاننامەکەیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە (١٩ی ئایاری ٢٠٢٦) بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم یادە مێژووییە یەکێکە لە گرنگترین وێستگەکانی دامەزراندنی قەوارەی سیاسی، یاسایی و دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان و بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئیرادەی هاووڵاتییان ببێتە سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعییەت. دەشڵێت" پاراستنی پەرلەمان، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە لە عێراق، کە بە خەباتێکی دوورودرێژ و قوربانیی بێشومار هاتووەتەدی."

سەبارەت بە دۆخی ئێستا و داهاتووی دامەزراوەکە، فراکسیۆنی پارتی ڕوونی کردەوە کە ئەوان پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو بتوانێت ڕۆڵی سروشتی و یاسایی خۆی جێبەجێ بکات.

جەختیشیان کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم دۆخەدا پێویستییەکی نیشتمانی، دەستووری و دامەزراوەییە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو دۆخە هەستیار و نائارامەی کە ناوچەکە تێیدایە، کە وایکردووە بوونی پەرلەمانێکی کارا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم ببێتە ئەولەویەت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، فراکسیۆنی پارتی سەری ڕێزی بۆ شەهیدانی کوردستان چەماندەوە و دووپاتی کردەوە کە پەرلەمان وەک دەستکەوتێکی دەستووری دەبێت هەمیشە پارێزراو و کارا بێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.



AM:10:39:19/05/2026