یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە "شەهیدکردنی سمکۆ کۆبانێ" هاوکات دیمەنی دانپێدانانی "سیخوڕێكی رژێمی ئێرانی" بڵاوکردوەتەوە. ئەو هێزە کوردیە دەڵێت "ئەو کەسەی سیخوڕییەکەی کردووە و لە نزیکەوە دەستی لە ڕووداوەکەدا هەبووە".
سێ شەممە، ١٩ ئایار ٢٠٢٦، دیمەنی دانپێدانانەکە لە ئاژانسی هەواڵی فورات( ANF) بڵاوبوەتەوە و تیایدا کەسێک باس لەوە دەکات چۆن لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە داوای لێکراوە کاریان بۆ بکات و دواتر پەیوەندی لەگەڵ گەریلاکانی یەرەکە دروستکردوە و تا "شەهیدکردنی سمکۆ کۆبانێ".
یەرەکە لە راگەیاندراوکەدا دەڵێت "لە ١٩ـی تەمموزی ٢٠٢٥دا، هاوڕێ و فەرماندەمان سمکۆ کۆبانێ کاتێک ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانی بەجێدەگەیاند، لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی نامەردانەدا لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە شەهیدکرا، ئەو کەسەی سیخوڕییەکەی کردووە و لە نزیکەوە دەستی لە ڕووداوەکەدا هەبووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراواندا، زۆر شتی ئاشکرا کردووە و سزادراوە".
سەبارەت بە شێوازی "شەهیدکردنی" ئەو گەریلایەی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵات لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە "سەرەتا وا دەزانرا لە ئەنجامی هێرشی درۆنیدا هاوڕێکەمان کراوەتە ئامانج، بەڵام لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا ئاشکرا بوو کە کەسێک بە ناوی زانیار شێخە، هەڤاڵەکەمان دەبینێت و ئەرکی گەیاندنی مینێکی لەلایەن داگیرکەری ئێرانەوە پێسپێردراوە، لەم ڕووداوەدا، نامەردی و ترس و تۆقینی ئێران لە بەرامبەر هێزەکانماندا بەڕوونی دەبینرێت".
یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتوشیەتی "هۆشداری دەدەینە ئەو کەسانەی کە سیخوڕی و هاوکاریی داگیرکەران دەکەن، تا زووە دەست لەو کارە گڵاوانە هەڵبگرن، ئەوانەی خزمەتی داگیرکەران دەکەن و دەستیان بە خوێنی هەڤاڵانمان سوورە، بێگومان هەمان چارەنووسی زانیار شێخەیان دەبێت و ئێمەش بێ هەڵوێست نامێنینەوە".
یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان سەر بە پارتی ژیانی ئازافی کوردستان (پژاک)ـە.