وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند شەش درۆن لە خاکی عێراقەوە
ئاراستەی ناوچە مەدەنی و ستراتیژییەکان و وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" کراوە
کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی تێکیشکاندون.
سێشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٦، وەزارەتی بەرگری ئیمارات راگەیەندراوێکی
بڵاو کردوەتەوە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری
رابردوودا، توانیویانە رێگری لە ٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بکەن کە سەرجەمیان لە
خاکی عێراقەوە هاتوون و ناوچە مەدەنی و گرنگەکانی وڵاتیان کردبووە ئامانج.
ئاماژەشی داوە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی
ئامانجە کانیان تێکشکاندووە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان زیان بە دامەزراوە
ستراتیژییەکان بکەوێت.
وەزارەتی بەرگری ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی هێرشەکەی ١٧ی
ئایار بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" ئاشکرا کرد و رایگەیاند: بە سێ
درۆن هێرشەکە کرابوو، دووانیان تێکشکێنراون و سێیەمیان بەر مۆلیدەیەکی کارەبا کەوتووە
لە دەرەوەی پەرژینی ناوەندی وێستگەکە؛ ئاماژەشی دا، ئەنجامی بەدواداچوونە تەکنیکییەکان
دەریانخستووە کە سەرجەم ئەو درۆنانە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی ئیمارات کراون.
وەزارەتی بەرگری جەختی کردەوە، ئیمارات مافی تەواوی خۆیەتی
هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بگرێتە بەر، ئەوەش
بەپێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها ئاماژەی بە ئامادەباشی تەواوی هێزە
چەکدارەکان کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایشی وڵات و دەستکەوتە نیشتمانییەکان
بکاتە ئامانج.
ئەم تۆمەتبارکردنە راستەوخۆیەی عێراق لەلایەن ئیماراتەوە،
ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە قووڵتر دەکاتەوە، لە کاتێکدا عێراق پێشتر رەتیکردبووەوە
کە درۆن لە خاکی ئەوانەوە بەرەو سعوودیە و ئیمارات هەڵدرابن.