وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' لیستی مووچەی مانگی پێنج (ئایار)ی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوی ئامادەیە و ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.'' لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراقیش ڕێکارە فەرمییەکانی بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەم مانگە دەستپێکردووە.
ئاوات شێخ جەناب، ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوانی وەرگرتنی ڕەزامەندیی کۆتایی بەغدان بۆ خەرجکردنی پارەکە، و وتیشی'' تا کۆتایی مانگی پێنج دەرناکەوێت کە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان چەندە."
هاوکات لەسەر ئاستی فیدراڵی، فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦) بە فەرمی دەستپێکردنی ڕێکارەکانی پارەدارکردنی مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم وەزارەت، فەرمانگە حکومییەکان و حکومەتە خۆجێییەکانی ڕاگەیاند و هەموو ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی تەواو کردووە.
فەرمانگەی ژمێریاریی عێراق داوای لە سەرجەم دامەزراوەکان کردووە کە پابەندی ڕێکارە داراییە مانگانەکان بن و ڕەچاوی خشتەی پەسەندکراوی مووچە بکەن، بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە بە شێوەیەکی خێرا و بەبێ دروستبوونی ئاستەنگ بەڕێوەبچێت.