شێوازی ڕێکخستنی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا گۆڕانکاری بەرسەردا دێت

لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی بەغدا بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سەربازی و ئەمنیی عێراق، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ دامەزراندنی "وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵ" هاتووەتە ئاراوە، کە بەپێی زانیارییەکان، گەورەترین گۆڕانکاری لە پێگەی هێزەکانی پێشمەرگە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنیان لە داهاتوودا دروست دەکات.

شیکەرەوەکان باس لەوەدەکەن، کە ئەم پلانە پێش دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیران، لەلایەن لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەوە گەڵاڵە کراوە. ئامانجی سەرەکی بەغدا لەم هەنگاوە، ڕزگارکردنی حەشدی شەعبییە لە ژێر گوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی، ئەوەش لە ڕێگەی دواندنی حەشد و پێشمەرگە و هێزەکانی تر لەناو یەک دامەزراوەی فەرمیدا.

بەپێی دەقی پڕۆژەکە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شانبەشانی پۆلیسی فیدراڵی، دەستەی حەشدی شەعبی، و هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، دەخرێنە ژێر ڕکێفی ئەم وەزارەتە نوێیە.

ئەمەش واتای ئەوەیە کە د
ەسەڵاتی ڕەهای فەرماندەیی و بڕیاردانی سەربازی لەسەر هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق یان نووسینگەکەی.

ئاماژەبەوەشكراوە، ئەم هەنگاوە بە تەواوی سیستمی بەرگری هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە ناوەندەوە و پێگەی دەستووریی پێشمەرگە وەک هێزێکی پاسەوانی هەرێم دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و گۆڕانکاریی ڕیشەییەوە.

لەلایەکی ترەوە، دەیڤید پترایۆس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە دوایین سەردانی خۆیدا بۆ بەغدا، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم تێڕوانینە نوێیە دەربڕیوە بە مەبەستی یەکخستنی دۆسیەی ئەمنی.

هاوکات باس لەوەدکرێت کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پترایۆس سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی پترایۆس، کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم بۆ تاوتوێکردنی دیدگای بەغدا و ڕازیکردنی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەنێو ئەم وەزارەتە نوێیەدا.

ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە جەختی لە پاراستنی سەربەخۆیی هێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە، و چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری خستنەپاڵی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵ، گەنگەشە و کاردانەوەی توند لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی لە ناوخۆی هەرێمدا لێبکەوێتەوە.



PM:05:04:20/05/2026