دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بە سەردانی مەیدانیی شاندێکی باڵای دەستەکەیان بۆ پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بەدواداچوونی وردیان بۆ سێ کەیسی گرنگی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و زیندانیان کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦)، دەستەکە ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی د. مونا یاقو، سەرۆکی دەستە و بە یاوەریی ڕامان مەجید ڕاوێژکار، و تاڤگە عومەر ڕەشید بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا، سەردانی سلێمانییان کردووە.
سەردانەکە بە هاوکاریی تیمی نووسینگەی سلێمانی دەستەکە (سابیر عەبدوڵا کەریم و هەڵشۆ عەبدولفەتاح) بەڕێوەچوو، کە تێیدا سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆ و بەدواداچوونیان بۆ کرا:
شاندی دەستەکە لەگەڵ دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی کۆبوونەوە. لەم دیدارەدا بە وردی تیشک خرایە سەر قۆناغ و ئاستی یاسایی کەیسی ڕاگیراوانی لالەزار، بەتایبەت دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی دووەمی دادگاییکردنی ١٢ ڕاگیراوی کەیسەکە لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦. هاوکات گفتوگۆ دەربارەی کەیسی شاهید (محەمەد) ناسراو بە (حەمەڕەش) کرا.
لە تەوەرێکی دیکەدا، شاندەکە سەردانی گرتووخانەی کانی گۆمەیان کرد و لە نێزیکەوە چاویان بە دوو لە ڕاگیراوانی کەیسی لالەزار بە ناوەکانی (حەمەڕەش) و (کارزان) کەوت، ئەمەش بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستی، مرۆیی و بارودۆخی گشتییان لە ناو گرتووخانەکەدا.
شاندی باڵای دەستەی مافی مرۆڤ، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانییان کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و هۆکاری گیانلەدەستدانی نەوجەوانێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی (داریوش مەحمەد). بۆ ئەم مەبەستەش، شاندەکە چوونە ژووری کۆنترۆڵی کامێراکان و بە وردی سەیری تۆمارە ڤیدیۆییەکانی ئەو کاتەیان کرد کە ڕووداوەکەی تێدا تۆمار کراوە.