"وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا پێش جەژن مووچەی هەرێم بنێرێت"



وەزیری ژینگەی عێراق، سروە عەبدولواحید لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باس لەوە دەکات کە گفتوگۆی تایبەتی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق ئەنجامداوە و داوای ناردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیانی هەرێمی کردوە.

چوار شەممە، ٢٠ ئایار ٢٠٢٦، بە پێی هەواڵێکی کەناڵی NRT سروە عەبدولواحید رایگەیاندوە  "بە وەزیری دارایی عێراقم وتوە، تەنانەت ئەگەر هەرێم داهاتی ناوخۆش رادەستی بەغداد نەکات، پێویستە مووچەی فەرمانبەران بنێردرێت و نەکەوێتە مەترسییەوە و  وەزیری دارایی  بەڵێنی پێداوم کە پێش هاتنی جەژن، مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات".

بە پیی زانیارییەکان سبەینێ مۆڵەتەکەی بەغدا بۆ رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ کۆتایی دێت و هەرێم تەنها لیستی مووچەی مانگی ئایار رادەستدەکات و ناردنی داهاتی ناوخۆ دوا دەکەوێت. 

ئەم ئێوارەیە وەزارەتی دارایی  عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە "فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی بە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتەکەی کردووە، رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو دەوام رانەگرن و بەردەوام بن لە کارەکانیان،  بە مەبەستی تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانە، بۆ ئەوەی پێش هاتنی جەژنی قوربان سەرجەمیان مووچەکانیان وەربگرن".




PM:09:07:20/05/2026