وەزارەتی دارایی: لیستی مووچە و راپۆرتی تەرزاووی پێداچوونەوە رەوانەی بەغداد دەکرێت


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە و دەڵێت "سبەی لیستی مووچە و تەرزاووی پێداچوونەوە" رادەستی بەغداد دەکرێت.

چوار شەممە، ٢٠ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت و سبەی پێنج شەممە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت".

"سەبارەت بەدیاریکردنی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، لە ڕووی ژمێریاریەوە ئەو بابەتە پەیوەستە بە ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانەو تاکۆتایی مانگی ئایار و ناردنی سەرجەم داتاکان لە یەکە ژمێریاریەکانەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری بە دیار ناکەوێت داهاتی مانگی ئایار چەندەو چەندەش پشکی حکومەتی فیدراڵە"، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم وا دەڵێت.

ئەم ئێوارەیە وەزارەتی دارایی  عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە "فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی بە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتەکەی کردووە، رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو دەوام رانەگرن و بەردەوام بن لە کارەکانیان،  بە مەبەستی تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانە، بۆ ئەوەی پێش هاتنی جەژنی قوربان سەرجەمیان مووچەکانیان وەربگرن".




PM:09:30:20/05/2026