دەسەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە فەرمی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢١ی ئایاری ٢٠٢٦)، ئاژانسی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە'' پاش تێپەڕاندنی قۆناغە یاساییەکان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، سزای لەسێدارەدان بۆ هەریەکە لە 'رامین زلە' و 'کەریم مەعروفپوور' دەرچووە و بەیانیی ئەمڕۆ سزاکە جێبەجێ کراوە." هەرچەندە ئاژانسەکە ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە نەکردووە.
ڕامین زلە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدەیە. لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی "بەغی" (یاخیبوونی چەکداری) لە ڕێگەی "ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)" سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕاوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ناوبراو لە ڕۆژی ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ بە فەرمی لە پەسندکردنی سزاکەی ئاگادار کرابووەوە.
کەریم مەعروفپوور تەمەن ٢٩ ساڵ، ئەویش هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی نەغەدەیە. لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ لە شارۆچکەی سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراوش هاوشێوەی هاوڕێکەی، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی "بەغی" و ئەندامێتی لە "حدکا" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ فەرمانی کۆتایی پێ گەیشتبوو.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری ڕێکخراوە مرۆییەکان، لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشەکەی ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا، شەپۆلێکی توندی لەسێدارەدان لە ئێران دەستی پێکردووە. لە سەرەتای مانگی ئاداری ڕابردووەوە تا ئێستا، لانیکەم ٢٧ کەس لە ئێران بە تۆمەتەکانی وەک "بەرەنگاربوونەوەی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل" لەسێدارە دراون.