بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' بەهۆی کۆمەڵێک ڕێکاری کارگێڕییەوە، بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ هیچ فەرمانێکی لێبووردنی تایبەت دەرناچێت و هیچ سزادراوێک (بەتایبەتی سزادراوە نەخۆشەکان) بەو لێبووردنە ئازاد ناکرێت.''
ئیحسان عەبدولڕەحمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢١ی ئایاری ٢٠٢٦) ئاماژەی بەوە کرد کە لێبووردنی تایبەت بە کاتێکی دیاریکراوەوە بەستراوەتەوە، بەڵام نەریتی ساڵانی ڕابردوو وابوو کە لە کاتی جەژنەکاندا ڕادەگەیەندرا. وتیشی" لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستێکین بۆ لێبووردنی تایبەت، بەڵام پرۆسەکە دەکەوێتە دوای جەژنی قوربانەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک سزادراو بەم شێوەیە ئازاد کراون، پار ٥٧ کەس و پێراریش ٤٣ کەس لە هەرێمی کوردستان بە لێبووردنی تایبەت ئازادکرابوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا شەش چاکسازیی گەوران هەن کە ٦ هەزار و ٥٧ سزادراویان تێدا ڕاگیراوە، ئەمە جێگە لە بوونی سێ چاکسازیی دیکەی تایبەت بە ژنان و منداڵان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.