سەرۆکی شاندی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە ئێستا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە داراییەکان لە شاری بەغدایە، زانیارییەکی نوێی لەسەر پرۆسەی ناردنی تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرا کرد.
عەبدوڵا ڕەمەزان، ڕایگەیاند'' بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ستاف و کارمەندانی وەزارەتی دارایی عێراق بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گەشتیان کردووە، کارە کارگێڕی و تەکنیکییەکانی پەیوەست بە تەمویلی مووچە لە ناو وەزارەتەکەدا خاو بووەتەوە.''
سەرۆکی شاندی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی، ئەم زانیارییانەی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو کێشە کارگێڕییەوە باوەڕ ناکات کە بتوانرێت مووچەی مانگی ئایار (مانگی پێنج)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێش هاتنی پشووەکانی جەژنی قوربان دابەش بکرێت
سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق ئاشکرایکرد کە بە فەرمی داوای لە وەزیری دارایی عێراق کردووە پێش هاتنی پشووەکانی جەژن تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەویش ڕەزامەندیی نیشانداوە و بڕیاریداوە پێش جەژن مووچەکە بنێردرێت.
وتیشی" بە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقم ڕاگەیاندووە کە تەنانەت ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆش ڕادەستی بەغدا نەکات، پێویستە مووچەی فەرمانبەران و شایستەی دارایی خەڵک بنێردرێت و بژێوی دانیشتووانی هەرێم نەکەوێتە چوارچێوەی ململانێ سیاسییەکان و مەترسییەوە."