''هەفتەی داهاتوو بڕیاری خەرجکردنی مووچەی هەرێم دەدرێت و لیستەکەش ڕادەستی بەغدا کرا''

بەپێی ئەو زانیارییانەی سپی لە بەغداوە دەستیکەوتەوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و هەر لەو هەفتەیەشدا بڕیاری فەرمیی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی کەمێک پێش ئێستا لیستی مووچە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقی فیدراڵ ڕەزامەندیی نیشانداوە کە پێش هاتنی جەژن و لە چوارچێوەی هەفتەی داهاتوودا مووچەی مانگی ئایار خەرج بکات. خەرجکردنی مووچەکەش بە شێوازی (موقاسە) دەبێت، بەو واتایەی وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی پێنج بە تەواوی دەنێرێت، و دوای جەژنی قوربانیش وەزارەتی دارایی هەرێم داهاتی نانەوتیی ئەم مانگە ڕادەستی بەغدا دەکات.

هەر بەپێی زانیارییەکان، تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوێنێ چوارشەممە لە هەولێرەوە گەیشتوونەتە بەغدا و ئەمڕۆ بەیانی بە فەرمی لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسانیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دارایی عێراق کارمەندانی وەزارەتەکەی ڕاسپاردووە کە لە ڕۆژانی پشووی فەرمیی هەینی و شەممەشدا دەوام بکەن بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی وردبینی و دابەشکردنی مووچەکە تەواو بکەن.

وەزیر بەڵێنی بە هەرێمی کوردستان داوە کە بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەم مانگە، چاوەڕوانی تەسلیمکردنی داهاتی نانەوتی ناکەن و پرۆسەکە پێش جەژن جێبەجێ دەکرێت.



PM:01:10:21/05/2026