بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی
پارێزگای دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا توانیویانە
چەندین تۆمەتبار بە تاوانی جۆراوجۆر لە دهۆک،
سێمێل، شێخان و ئامێدی، دەستگیر بکەن.
پێنجشەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٦،
هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیناد، چەند
تاوانبارێک بە تاوانی جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگای دهۆک دەسگیرکراون، ئاماژەی بەوەشکرد،
تاوانەکان پێکهاتبوون لە دزی، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و سۆشیاڵ میدیا،
ساغکردنەوەی پارەی ساختە، و تەقەی هەڕەمەکی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
ئاماژەی بەوەش کرد، ٥
تۆمەتبار دەستگیرکراون کە زیاتر لە ٢٠ مۆبایل و بڕی ١٨ هەزار دۆلار و ٧ ملیۆن دیناریان
دزیبوو. هەروەها لە سنووری قەزای سێمێل تۆمەتبارێک بە دزینی هەزار دۆلار و ٢.٥ ملیۆن
دینار دەستگیرکراوە.
سەبارەت بە تاوانەکانی
سۆشیاڵ میدیا و هەڕەشەکردن، پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، لە ماوەی مانگێکدا ١٣ تۆمەتبار
بەهۆی هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە هاووڵاتیان لە رێگەی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە
دەستگیرکراون، گوتەبێژی پۆلیس داوای لە هاووڵاتیان، بەتایبەت کچان و ئافرەتان کرد،
کە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک، راستەوخۆ پەیوەندی بە پۆلیسەوە
بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن.
هێمن سلێمان وتیشی، لە
دۆسیەیەکی دیکەدا، ٣ تۆمەتبار بەهۆی ساغکردنەوەی دۆلاری ساختە لە بازاڕەکانی دهۆک
و ئامێدی دەستگیرکراون، پۆلیس هۆشداری دا، هەر کەسێک بزانێت پارەی ساختەی پێیە،
نابێت بەکاریبهێنێت و دەبێت پۆلیسی لێ ئاگادار بکاتەوە.
هەروەها لە قەزای شێخان
٥ تۆمەتبار بەهۆی تەقەی هەڕەمەکی و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکراون، لە سێمێلیش
تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە کە منداڵانی تەمەن ١٠ بۆ ١٢ ساڵانی بۆ کاری سواڵکردن بەکارهێناوە.