کەمپینی "ئازادی بۆ شێروان شێروانی" لە وڵاتی کەنەدا
زنجیرەیەک چالاکیی مەدەنی و دیپلۆماسی بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی ماوەبەسەرچوو بە مەبەستی
ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسە دەستپێکرد، و نامەیەکی فەرمیشیان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران
و وەزیری دەرەوەی کەنەدا کرد.
کەمپینی "ئازادی بۆ شێروان شێروانی" لە راپۆرتێکی
فەرمیدا، دەستپێکردنی چالاکییەکانی خۆی لە وڵاتی کەنەدا راگەیاند، کە ئامانجی سەرەکییان
خستنەڕووی دۆخی ئازادیی رۆژنامەگەری و بیروڕایە لە هەرێمی کوردستان و کارکردنە بۆ
ئازادکردنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە زیندانی
کراوە.
ئاماژەیان بەوە کرد، لە یەکەم هەنگاودا توانیویانە واژۆ و
پشتیوانی زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتیی دیاری بوارە جیاجیاکانی وەک نووسەران، هونەرمەندان،
رۆژنامەنووسان و چالاکوانان کۆبکەنەوە. تایبەتمەندیی ئەم پشتیوانییە لەوەدایە کە بۆ
یەکەمجارە بە شێوەیەکی بەرچاو، خەڵک و چالاکوانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بەشدارن
لە کارێکی هاوبەشدا کە رەخنە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە باشووری کوردستان دەگرێت.
باسیان لەوە کرد، نامەیەکی فەرمییان بە زمانی ئینگلیزی
ئامادەکردووە و لە رێگەی ئیمێڵەوە ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، وەزیری دەرەوە،
سەرۆک حیزبەکان، ئەندامانی پەرلەمان و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی ئەو وڵاتەیان
کردووە. لە نامەکەدا داوا لە حکومەتی کەنەدا کراوە فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی هەرێم
چڕبکاتەوە تاوەکو شێروان شێروانی بە بێ مەرج ئازاد بکرێت.
روونیانکردەوە، کە کارەکانیان تەنها لەم خاڵانەدا ناوەستێت،
بەڵکو لە رێگەی کۆکردنەوەی پشتیوانیی ئۆنلاین و پێدانی لێدوان و روونکردنەوە بە میدیا
فەرمییەکانی کەنەدا، دۆسیەی ئەم رۆژنامەنووسە دەکەنەوە. لە کۆتاییشدا جەختیان
کردووەتەوە کە لەسەر پشتیوانیکردنی شێروانی و سەرجەم زیندانیانی دیکەی بادینان بەردەوام
دەبن و کۆڵ نادەن، داواش لە سەرجەم ئازادیخوازان دەکەن هاوکار بن بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی
دادپەروەر لە هەرێمی کوردستاندا.